له جه‌ژنی جیهانیی ئافره‌تاندا
ئافره‌تانی کوردستان له کوێی هاوکێشه‌کاندان؟
هه‌موو ساڵێک ڕێکخراو و لایه‌نه‌کانی ئافره‌تان و چه‌پ و
پێشکه‌وتنخوازه‌کان ، له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، یادی خه‌بات و تێکۆشانه
سه‌ره‌تاییه‌کانی ئافره‌تان ئه‌که‌نه‌وه که ژیانی خۆیان به‌خشی له‌پێناوی
دابینکردنی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانیان له کارکردن‌دا و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و
یه‌کسانیی.
له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کاندا ، یه‌کسانیی و
به‌یاساییکردنی مافه‌کانی ئافره‌تان و داڕشتنیان له ده‌ستوردا ، به خه‌بات و
تێکۆشان و قوربانییدانێکی زۆری ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان و چه‌پ و
پێشکه‌وتنخوازه‌کان دابینکراون.
ئه‌مڕۆ و له کاتێکدا که له‌و وڵاتانه‌دا ئافره‌تان به
خۆشییه‌وه ئه‌و یادهئهکهنهوه ، له هه‌مان کاتدا ئافره‌تانی کوردستانیش که
زیادترن له نیوه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ، نه‌ک هه‌ر له‌ژێر باری بێ دادپه‌روه‌رییدا
ئه‌ناڵێنن ، ته‌نانه‌ت پارله‌مانه خێڵه‌کییه‌که‌ی کوردستانیش وه‌ک مرۆڤ سه‌یریان
ناکات و هه‌ر وه‌ک کاڵایه‌ک ، ڕێ به پیاوان ئه‌دات که بۆیان هه‌بێت چه‌ند
"دانه‌یه‌کیان" له ماڵه‌وه هه‌بێت! ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین سوکایه‌تییه به مرۆڤ ،
به پیاوان خۆیان ، به‌رله ئافره‌تان.
ئه‌مڕۆ که گه‌رده‌لولی گۆڕانکاریی و دیموکراتیی له
کوردستاندا له ههڵکردندایه ، ئه‌رکی هه‌موو لایه‌نه چه‌پ و پێشکه‌وتنخواز و
ڕێکخراوه شارستانییه‌کانه که له بازنه کلاسیکییه‌کان ده‌ربچن و به کرده‌وه
هه‌نگاوبنێن بۆ ئازادکردنی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ، مێژووی مرۆڤایه‌تی ئه‌و
ڕاستییه‌شی سه‌لماندووه که کۆمه‌ڵگا هه‌رگیز ئازاد نابێت ، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی
چه‌وساوه بێت.
به‌م بۆنه‌یه‌وه پیرۆزبایی له ئافره‌تانی به‌شمه‌ینه‌تی
کوردستان ئه‌که‌ین و له هه‌مان کاتیش‌دا داوا له ده‌سه‌ڵاتدارنی کوردستان ئه‌که‌ین
که:
- به شێوه‌یه‌کی مرۆڤانه و دادپه‌روه‌رییانه سه‌یری
نیوه‌که‌ی تری کۆمه‌ڵ بکه‌ن.
- داموده‌زگاکانی حکومه‌ت و دادگاکان ، کار به‌و یاسا و
ڕێسا کۆنه‌په‌رستیی و نامرۆڤایه‌تییانه نه‌که‌ن که بێڕێزیی و سوکایه‌تی به
ئافره‌ت ئه‌که‌ن و مافه‌کانیان پێشێلئهکهن.
- ئه‌و که‌سانه‌ی که به ناوی (شه‌ره‌ف) و بیانووی
هه‌مه‌جۆره‌وه ، توندوتیژیی به هه‌ر ڕاده‌یه‌ک بێت ، به‌رامبه‌ر به ئافره‌تان
به‌کارئه‌هێنن ، سه‌ختترین سزابدرێن.
- گۆڕینی یاسا نامرۆڤایه‌تییه‌کان له بواره
هه‌مه‌جۆره‌کانی ژیاندا و به‌تایبه‌تیی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به باری که‌سێتی و
کۆمه‌ڵایه‌تی و کارکردن و ئازادییه‌کانه‌وه هه‌یه ، به یاسای سه‌رده‌مییانه که
مافه‌کانی ئافره‌تان دابینبکه‌ن و هه‌موو داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تیش به یاسا
به‌رپرسیاربن له جێبه‌جێکردنی ئه‌و یاسا نوێیانه‌دا.
- قه‌ده‌غه‌کردنی خه‌ته‌نه‌کردنی کچان به یاسا و سزادانی
سه‌ختی ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و کاره نامرۆڤایه‌تییه ئه‌که‌ن. هه‌روه‌ها
به‌رپاکردنی هه‌ڵمه‌تێکی هۆشیاریی له‌و ڕووه‌وه و دابینکردنی پشتگیریی ته‌واوی
ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی به‌و کارانه هه‌ڵئه‌ستن.
- گرنگییدان به ته‌ندروستیی ئافره‌تانی دووگیان و دایکان
و مناڵان و کردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تیی بۆیان ، له هه‌موو شار و
شارۆچکه‌کاندا.
- دابینکردنی کار بۆ ئافره‌تان و پاراستنی مافه پیشه‌یی
و سه‌ندیکایی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان ، هاوتا له‌گه‌ڵ پیاواندا و له هه‌مان شوێنی
کاردا و یه‌کسانیی له ماف و موچه‌دا له هه‌مان جۆری کاردا.
- دروستکردنی داموده‌زگای حکومیی و جه‌ماوه‌ریی تایبه‌ت ،
بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌مه‌جۆره‌کان که له ئه‌نجامی
گه‌نده‌ڵیی و بارودۆخی ئاڵۆزی ئه‌مڕۆی کوردستانه‌وه په‌یدابوون و یارمه‌تیدان و
پشتگیریی لاوان به هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که‌وه ، بۆ که‌مکردنه‌وه و نه‌هێشتنی
قه‌یره‌یی.
- کردنه‌وه‌ی ده‌رگای داموده‌زگا هه‌مه‌جۆره‌کانی
ده‌وڵه‌ت به ڕووی ئافره‌تاندا و هاندانیان بۆ کارکردن تیایاندا و پاراستنیان له‌و
ڕێگرانه‌ی که له‌و بوارانه‌دا بۆیان دروستئه‌کرێت.
- بواردان به ئافره‌تان له به‌شدارییکردن له کابینه‌ی
حکومه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌کان و سه‌رکردایه‌تی حیزب و
ڕێکخراوه‌کاندا.
- ڕێزگرتن و پشتگیریی له ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان و
ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانییه‌کان و دورکه‌وتنه‌وه له ده‌ستتێوه‌ردانی
حیزبیی و حکومیی له کاره‌کانیاندا.
بێگومان مافه‌کان و پێویستییه‌کانی نیوه‌ی کۆمه‌ڵ زۆر
له‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه زیادترن ، به‌ڵام ئه‌وانه که‌مترین و ساکارترین مافه
ڕه‌واکانی ئافره‌تانی کوردستانن که ئه‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بۆیان
دابینبکه‌ن.
ئافره‌تانی قوربانییدهر و ئه‌نفالکراو و
کیمیاییبارانکراو و که‌سوکار بێسه‌روشوێنکراوی کـوردســتان ، جگه له مافه
ڕه‌واکانیان ، زۆر شایسته‌ی له‌و داواکارییانه‌ی سه‌ره‌وه زیادترن و ئه‌بێت
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆ و ئایندهی کوردستان خۆیان به به‌خته‌وه‌ر بزانن که
خزمه‌تی ئه‌و نیوه‌یه‌ی کۆمه‌ڵ بکه‌ن که هێناونیانهته دنیاوه و په‌روه‌رده‌یان
کردوون و له هه‌موو کۆڵهوهرییهکان و کاره‌ساته خوێناوییه‌کاندا که به‌سه‌ر
گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ماندا تێپه‌ڕیوه ، به سه‌ربه‌رزیی و قاره‌مانانه‌وه پشتگیریی
و خزمه‌تی شۆڕشه‌کان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانیان کردووه و هه‌میشه هانده‌ربوون
له به‌رده‌وامیی خه‌باتی گه‌له‌که‌ماندا.
نه‌مریی و سه‌ربه‌رزیی بۆ شه‌هیدانی ئافره‌تان و فادیمه
، پێلا ، دوعا و ئه‌و ده‌یان هه‌زار ئافره‌تانه‌ی کوردستان که به ناوی
(شه‌ره‌ف)ـه‌وه ، به‌وپه‌ڕی (بێشه‌ره‌فیی)ـه‌وه زوڵمیان لێئه‌کرێت و مافی ژیانیان
لێ زهوتئهکرێت.
ده‌سته‌ی کارگێڕی
پارتی چه‌پی کوردستان
2009-03-08
