کورته‌ باسێکی چه‌وسانه‌وه‌ و خه‌باتی چینایه‌تی .. به‌ ساکارترین شێوه

کورته‌ باسێکی چه‌وسانه‌وه‌ و خه‌باتی چینایه‌تی .. به‌ ساکارترین شێوه

nw2
نه‌وزاد وه‌لى

له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا که‌سانی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕه‌ یه‌کسانیی و دادپه‌روه‌رییه‌کان ، به‌ره‌و ڕووی پرسیاری هه‌مه‌جۆره‌ بوونه‌ته‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ کار و یاساکانی کار و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ ، یان به‌ شێوه‌یه‌کی تر ، ده‌رباره‌ی پرسه‌ چینایه‌تییه‌کان و بیروباوه‌ڕی سۆشیالیزمن‌.
ئه‌م وتاره‌ ، ڕونکردنه‌وه‌یه‌که‌ به‌ ساکارترین شێوه‌ ، بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌و باسانه‌ و سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی بیروباوه‌ڕ و خه‌باتی چینایه‌تی ، دادپه‌روه‌ریی و ماف و نرخی مرۆڤ له‌ سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی پیشه‌سازییه‌وه‌ و تا ئێستاش به‌ شێوازی جۆراوجۆر له‌ زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگاکاندا ، که‌م و زۆر و به‌گوێره‌ی سیستمی‌ سیاسی و که‌لتوره‌کان ، هه‌ر هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌.
ئه‌م باسه‌ی خواره‌وه‌ ، به‌ بێ ده‌ستکاریی و هه‌ر وه‌ک خۆی و هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ ، له‌ کتێبێکی گرنگه‌وه‌ که‌ به‌ ده‌یان پسپۆری بواره‌ جیاوازه‌کان ، له‌ بریتانیا به‌شدارییان له‌ ئاماده‌کردنیدا کردووه‌ ، کردوومه‌ به‌ کوردیی و له‌ کۆتایی باسه‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ سه‌رچاوه‌که‌ی کراوه‌.

کۆیله‌یه‌تی له‌ کارگه‌کانی ئاسن و ڕستن و چنیندا

له‌ شاره‌ پیشه‌سازییه‌کانی بریتانیا ، پیاوانێک که‌ ناویان (له‌ ده‌رگاده‌ر) بوو ، به‌ره‌به‌یانیانێکی زوو به‌ کۆڵاناندا ئه‌گه‌ڕان و له‌ ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی ماڵی کارگه‌رانیان ئه‌دا.
مناڵانی له‌ڕ و زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو ، له‌ خه‌وی شیرین بێدارئه‌کران و له‌گه‌ڵ دایکان و باوکانیاندا ، به‌ زۆر ئه‌هێنرانه‌ سه‌ر ئه‌و جاده‌ ساردانه.
زۆربه‌ی ئه‌و مناڵانه‌ به‌ پێی په‌تی ئه‌ڕۆیشتن. هه‌مووان په‌له‌یان بوو ، به‌ ڕیز ئه‌چوونه‌ ژوره‌وه‌ بۆ ناو کارگه‌کان که‌ دوکه‌ڵی دوکه‌ڵکێشه‌کانیان هه‌موو دیواره‌ خشتییه‌کانی کارگه‌کانیان ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاندبوو.
زڕه‌ی زه‌نگ ، یان فیکه‌ی شاور ، نیشانه‌ی ده‌ستکردن به‌ کار و ده‌ست له‌ کار هه‌ڵگرتن بوو ، کارێک که‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی 1800 دا ، ڕۆژیی له‌ نێوان 12 تا 16 کاژێر بوو.karl marx
کارگه‌ران له‌ شوێنی ته‌نگ و که‌میی ئاڵوگۆڕی هه‌وادا کاریان ئه‌کرد. له‌به‌ر وڕه‌وڕی ئامێره‌کان ، که‌س گوێی له‌ که‌س نه‌ئه‌بوو ، به‌ ناچاریی و به‌ تێڕوانین له‌ ده‌می یه‌کتر ، له‌ یه‌کتر تێئه‌گه‌یشتن.
سییه‌کانیان به‌ خۆڵ و ته‌پوتۆز ته‌نرابوو ، ئه‌وه‌ش کارگه‌رانی توشی نه‌خۆشیی کردبوو.
له‌ شاری مانچسته‌ر که‌ مه‌ڵبه‌ندی پیشه‌سازیی ڕستن و چنین بوو ، کارگه‌کان ، هه‌ر وه‌ک دکتۆرێک وتویه‌تی:
ڕه‌گه‌زێکی نوێی مرۆڤیان دروستکردووه‌ که‌ کورت ، لاواز و که‌نه‌فته‌ ، چ پیاو ، چ ئافره‌ت ، هه‌رگیز پیر نابن!".
(مه‌به‌ست له‌وه‌ بوو که‌ ئه‌و کارگه‌رانه‌ به‌ هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ نامرۆڤایه‌تییه‌وه‌ ، زوو ئه‌مردن و نه‌ئه‌گه‌یشتنه‌ قۆناغی پیریی.. وه‌رگێڕ).
ئه‌وه‌ش که‌ له‌و بواره‌دا ڕوویئه‌دا ، ئه‌وه‌ بوو که‌ کارگه‌ری ماندوو ، له‌پڕ سه‌ره‌په‌نجه‌یه‌کی به‌ر قایشێکی ئامێرێک ئه‌که‌وت و ئه‌قرتا ، یان ده‌ست و ته‌واوی قۆڵێکی به‌رئه‌که‌وت و لێئه‌بووه‌وه‌.
فرێدریک ئێنجلس ، له‌و ڕووه‌وه‌ بیروڕای هه‌ر وه‌ک کارڵ مارکس بوو ، چونکه‌ شاره‌زای سیستمی کارگه‌کان بوو ، خۆی له‌ کارگه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یدا کاری کردبوو ، ئه‌ڵێت: friedrich engels
"مرۆڤ ژماره‌یه‌کی هێجگار زۆر له‌ خه‌ڵک له‌ شاری مانچسته‌ردا ئه‌بینێت که‌ به‌و ناوانه‌دا ئه‌سوڕێنه‌وه‌ ، هه‌ندێک قۆڵێک ، یان به‌شێک له‌ قۆڵێکیان نه‌ماوه‌ ، هه‌ندێک پێیه‌کیان نه‌ماوه‌ ، هه‌ندێکی تر نیوه‌ی قاچێکیان نه‌ماوه‌ ، هه‌ر له‌وه‌ ئه‌چێت که‌ له‌ ناو سوپایه‌کدا بیت که‌ تازه‌ له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕه‌وه‌ گه‌ڕابێته‌وه‌!".
بارودۆخی ناو کارگه‌کان خه‌ڵکه‌که‌ی بێزارکردبوو. له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی پیشه‌سازییدا کارگه‌کان پڕبوون له‌ مناڵانی ته‌مه‌ن 6-7 ساڵ ، به‌ کۆمه‌ڵی جیاجیا به‌شکرابوون ، له‌ ماڵی تایبه‌ت بۆیان ، دانرابوون ، زۆر جار هه‌ر وه‌ک کۆیله‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌کرا ، به‌ پاروویه‌ک خواردن ئه‌ژێنران که‌ له‌سه‌ر سنوری برسیه‌تی بوون ، ئه‌درانه‌ ده‌ست که‌سانێکیش که‌ ئاگایان لێیان بێت ، به‌ لێدان به‌ قامچی و قایش ، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵیاندا ئه‌کرد.
یه‌کێک له‌و شاگردانه‌ ، ڕۆبه‌رت بلینکۆ Robert Blincoe ، ده‌رباره‌ی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی نوسیویه‌تی که‌ له‌ کارگه‌یه‌کدا کاریئه‌کرد و خاوه‌نه‌که‌ی ئێلیس نیدهام Ellis Needham بووه‌ ، له‌ لیتۆن له‌ شاری دێربیشایه‌ر و ئه‌ڵێت:
"مناڵه‌ کارگه‌ره‌ برسییه‌کان ، خواردنی نیوه‌ڕۆیان بریتی بوو له‌ پارچه‌یه‌ک گۆشتی بۆگه‌نکردووی به‌راز ، ئه‌و به‌رازانه‌ش به‌ پارچه‌ و هه‌ناوی ماسی به‌خێوئه‌کران.
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و پارچه‌ گۆشته‌ بۆگه‌نکردووه‌دا ، پارچه‌یه‌ک چه‌وه‌نه‌ری پاکنه‌کراو و نه‌کوڵاویشیان ئه‌دانێ.
خواردنی ئێوارانیشیان بریتی بوو له‌ شۆربایه‌ک که‌ هه‌ر به‌ پاشماوه‌ی ئه‌و خواردنه‌ی نیوه‌ڕوان دروستئه‌کرا.
پاش ئه‌وه‌ی که‌ مناڵان 16 کاژێر کاریان ئه‌کرد ، دوای ته‌واوکردنی کار ، ئه‌که‌وتنه‌ کۆڵانان و جاده‌کانه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی زبڵدانه‌کان ، بۆ گه‌ڕان به‌ دوای به‌رماوه‌یه‌کدا.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مناڵێکیشیان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک سزابدایه‌ ، ئه‌وا به‌ هه‌ردوو په‌لی و به‌ یه‌کێک له‌ ئامێره‌ پیس و له‌ره‌له‌رکه‌ره‌کانی کارگه‌که‌وه‌ ، بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ڵئه‌واسی. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م سزا نامرۆڤایه‌تییه‌ زۆر به‌ربڵاو نه‌بوو ، به‌ڵام هه‌بوو.
سزا ئاساییه‌کان بریتی بوون له‌ ده‌رکردن له‌ کار ، یان بڕینی به‌شێک له‌ ڕۆژانه‌که‌ی به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی که‌ هۆشیار نه‌بووه‌ له‌ کاره‌که‌یدا ، یان قسه‌یه‌کی ناشیرینی وتووه‌ ، یان قوماری کردبێت له‌سه‌ر غارغارێنی ئه‌سپ.
ئه‌گه‌ر کارگه‌ر ته‌نیا پێنج خوله‌ک له‌ کاره‌که‌ی دوابکه‌وتایه‌ ، ئه‌وا یه‌ک له‌ چواری ڕۆژانه‌که‌ی لێ ئه‌بڕڕا.".
چاکسازییخوازه‌کان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی سه‌ختدا بوون بۆ کۆتاییهێنان به‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ ناڕه‌وشتییه‌ی که‌ کارگه‌کان دروستیان کردبوو.robert owen
له‌ ساڵی 1833 دا قه‌ده‌غه‌کرا که‌ مناڵ له‌ژێر ته‌مه‌نی 9 ساڵییه‌وه‌ کار له‌ کارگه‌کانی ڕستن و چنیندا بکات و مناڵانی نێوان ته‌مه‌نی 9 تا 13 ساڵ ، ڕۆژانه‌ له ‌ 9 کاژێر زیادتر کاریان پێ نه‌کرێت ، واته‌ نزیکه‌ی 48 کاژێر له‌ هه‌فته‌یه‌کدا.
له‌ ساڵی 1847 دا یاسایه‌ک له‌و ڕووه‌وه‌ دانرا که‌ نابێت مناڵ ڕۆژانه‌ له‌ نیو ڕۆژ زیادتر کاربکات.

هه‌موو خاوه‌ن کارگه‌کان به‌و شێوه‌یه‌ نامرۆڤ و دڕنده‌ نه‌بوون.
چاکساز ڕۆبه‌رت ئۆوین Robert Owen ، کارگه‌ی ڕستن و چنینه‌که‌ی له‌ نییولانارک له‌ سکۆتلاند ، به‌وه‌ به‌ناوبانگ کرد که‌ ئه‌و بارودۆخه خراپه‌‌ی کارگه‌که‌ی باش کرد.
ئۆوین له‌ ساڵی 1800 دا هاوبه‌ش (شه‌ریک) بوو له‌ کارگه‌که‌دا و کاتی کارکردنی کارگه‌رانی که‌مکرده‌وه‌ بۆ ڕۆژیی 10‌ کاژێر و نیو.chawder
هه‌روه‌ها (لێدان) ی قه‌ده‌غه‌کرد و له‌جیاتی ئه‌وه‌ ، ئامێرێکی (چاودێریی بێده‌نگ) ی دروستکرد که‌ بریتی بوو له‌ پارچه‌یه‌ک ته‌خته‌ که‌ چوار ڕووی هه‌بوو ، له‌ ته‌نیشت هه‌ر ئامێرێکی کاره‌وه‌ و به‌رامبه‌ر به‌ کارگه‌ره‌که‌ هه‌ڵئه‌واسرا. هه‌ر ڕوویه‌ک ڕه‌نگێکی هه‌بوو ، ئه‌و لایه‌ی که‌ ڕووی له‌ کارگه‌ره‌که‌ بوو ، ڕه‌نگه‌که‌ی ئه‌وه‌ی پێشانئه‌دا که‌ کاره‌کانی چۆن کردووه‌.
ڕه‌نگی سپی: زۆر باش
ڕه‌نگی زه‌رد: باش
ڕه‌نگی شین: باش نیه‌
ڕه‌نگی ڕه‌ش: زۆر خراپ

ئۆوین (دوکان-حانوت) ێکی کرده‌وه‌ که‌ کارگه‌ران به‌ هه‌رزان شتومه‌کیان تیادا ئه‌کڕی ، به‌ڵام له‌بری پاره‌ ، پارچه‌ مێتالێکیان به‌کارئه‌هێنا. (به‌ ئینگلیزیی پێی ئه‌ڵێن توکن کۆین ، به ‌کوردیی فیش ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌میش کوردیی نیه‌.. وه‌رگێڕ).
هه‌ندێک له‌ خاوه‌ن کاره‌کان خانووبه‌ره‌یان بۆ کارگه‌رانیان دابینئه‌کرد ، به‌ڵام به‌ که‌ڵک نه‌ئه‌هات. یارمه‌تییان ئه‌دان که‌ که‌نیسه‌یه‌کی بچوک دروستبکه‌ن. هه‌روه‌ها سه‌یران بکه‌ن و به‌شداریی هه‌ندێک چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ کۆمه‌ڵ بکه‌ن.token coin
هه‌ندێک که‌س ئه‌و چاکسازییانه‌یان به‌ باش ئه‌زانی ، به‌تایبه‌تیی ئافره‌تان که‌ زیادتر له‌ نیوه‌ی کارگه‌رانی کارگه‌کانی ڕستن و چنینیان پێکئه‌هێنا.
ماوه‌ی کارکردنی ڕۆژانه‌ زۆر بوو ، به‌ڵام ڕۆژانه‌که‌شی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ کارگه‌رانی به‌نده‌ره‌کاندا ، به‌رز بوو.
هه‌روه‌ها ئافره‌ت له‌ کارگه‌کاندا ڕۆژانه‌که‌ی هه‌ر وه‌ک ڕۆژانه‌ی پیاو بوو ، واته‌ وه‌ک یه‌کتریان ده‌سئه‌که‌وت.
ئه‌وه‌ی که‌ کارگه‌ره‌ پیاوه‌کان له‌ لایان سه‌خت بوو ، ئه‌وه‌ بوو که‌ ژیانی کارگه‌ هێجگار توندوتیژ بوو. ئه‌بووایه‌ مرۆڤ زۆر بێ به‌زه‌ییانه‌ کاربکات ، جۆر و خێرایی ئه‌و کارانه‌ش به‌ند بوون به‌ خێرایی و توانای ئامێره‌کانه‌وه‌ که‌ به‌ هه‌ڵم ئه‌بزوان و ئه‌بووایه‌ کارگه‌ران به‌پێی خێرایی ئه‌و ئامێرانه‌ ، له‌ جوڵه‌دا بوونایه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا له‌ژێر چاودێریی چاودێرانی کارگه‌که‌دا بوونایه‌.
په‌له‌کردن ، تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ بوو بۆ کارگه‌ران ، زۆر جیاواز بوو له‌وه‌ی که‌ له‌ ماڵاندا به‌ ته‌شی و خه‌ڕه‌کیpshoo ساکار ، به‌ لۆکه‌ و خوری ئه‌کرا و قوماش و به‌رهه‌می هه‌مه‌جۆره‌ دروستئه‌کرا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ماڵی خۆیدا جۆڵایی و ڕستن و چنینی ئه‌کرد ، هه‌ر هیچ نه‌بێت ، کاتی ئه‌وه‌ی ئه‌بوو که‌ بچێت به‌ لای باخه‌که‌یه‌وه‌ ، یان به‌رازێک و چه‌ند مریشکێکی هه‌بێت. به‌و شێوه‌یه‌ ، کاتێک که‌ بێکار ئه‌بوون ، ئه‌یانتوانی خۆیان بژێنن.
کارگه‌رانی کارگه‌کان به‌ ته‌واویی به‌ند بوون به‌ کارگه‌کانه‌وه‌ ، له‌ دوای کار ، ئه‌وه‌نده‌ ماندوو بوون که‌ له‌ خه‌وتن زیادتر ، هیچی تریان بۆ نه‌ئه‌کرا.
له‌ دوای کاتژمێری یانزه‌ی شه‌وه‌وه‌ ، شاره‌ پیشه‌سازییه‌کان به‌ ته‌واویی خامۆش و کپ ئه‌بوون.
له دوای ‌ساڵی 1700 ، به‌رهه‌مهێنان له‌ کارگه‌دا ده‌ستیپێکردبوو ، ئه‌ویش به‌ هۆی دۆزینه‌وه‌ و دروستکردنی ئامێری ڕستن و چنینه‌وه‌ بوو له‌ لایه‌ن ڕیچارد ئارکڕایت Richard Arkwright ، جه‌یمس هارگریڤس James Hargreaves و ساموێل کرۆمپتۆن Samuel Crompton .

karge
richardjamessamuel
spinn







له‌ سه‌ره‌تادا وزه‌ی ئاویی ئامێره‌کانی کارگه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌بزواند ، بۆیه‌ کارگه‌کان له‌و شوێنانه‌دا دروستئه‌کران که‌ ته‌وژمی ئاوییان لێ بوو.
له‌ ساڵی 1875 دا بۆ یه‌که‌م جار ، مۆتۆرێک بۆ خستنه‌گه‌ڕی ئامێره‌کانی ڕستن و چنین به‌کارهێنرا که‌ به‌ هه‌ڵم ئه‌بزوا ، ناویاننابوو بۆڵتۆن- وات مۆتۆر Boulton-Watt-motor ، ئیتر ئه‌و جۆره‌ ئامێرانه‌ که‌ به‌ خه‌ڵوز گه‌رمئه‌کران و کاریان ئه‌کرد ، گرنگییه‌کی هێجگار گه‌وره‌یان په‌یداکرد.
ئه‌و ئامێرانه‌ش به‌ به‌رده‌وامیی پێویستیان به‌ ئاو هه‌بوو ، بۆیه‌ کارگه‌کان دوای دۆزینه‌وه‌ی ئامێره‌ هه‌ڵمییه‌کانیش ، هه‌ر له‌ ناو شاخ و ئه‌و شوێنانه‌دا دروستئه‌کران که‌ ئاویان لێ بوو ، ئه‌وه‌ش زۆر جار ئه‌بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کارگه‌کان دور بن له‌ ئاوه‌دانییه‌وه‌ ، کارگه‌رانیش به‌و هۆیه‌وه‌ ، کاتێکی زۆریان له‌ ڕێی کار و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ، به‌ فیڕۆ ئه‌چوو.

دۆشه‌ک له‌ پوش و برسیه‌تیkar
هه‌ژاریی و نه‌داریی ، کاریگه‌رییه‌کی ئاسایی شۆڕشی پیشه‌سازیی بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو بارودۆخه‌ نامرۆڤایه‌تییانه‌شدا ، مرۆڤ هه‌ر نرخی خۆی ئه‌پاراست.
یه‌کێک که‌ له‌و بواره‌دا به‌دواداچوونی ئه‌کرد ، له‌ ساڵی 1842 دا سه‌ردانی خه‌ڕه‌کڕێسه‌کانی لانکشایه‌ری کردووه‌ ، ئه‌و خه‌ڕه‌کڕێسانه‌ی که‌ نه‌یانئه‌ویست له‌ کارگه‌کاندا کاربکه‌ن.
له‌و شارۆچکه‌ بچوکه‌دا 88 ماڵی ئه‌و که‌سانه‌ی ژماردووه‌ که‌ هیچ شتومه‌ک و پێویستییه‌کی ماڵیان تیادا نه‌بووه‌ ، جگه‌ له‌ هه‌ندێک سنوقی کۆن که‌ له‌بری مێز و کورسی به‌کاریانئه‌هێنان.
پێخه‌فه‌کانیان به‌ پوش و ته‌ڵاش دروستکردبوو. خواردنی به‌یانیانیان بریتی بوو له (‌Oat) (جۆرێکه‌ له‌ دانه‌وێڵه‌ ، به‌ سویدیی پێی ئه‌ڵێن هاڤرێ ، به‌ عه‌ره‌بیی شوفان و به‌ فارسییش یولاف ، یان جو دوسر ، واته‌ جۆی دوو سه‌ره‌ ، زۆر پرسیارمکرد که‌ به‌ کوردیی چی پێ ئه‌ڵێن ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه وه‌ڵامم ده‌ست نه‌که‌وت!.. وه‌رگێڕ) له‌گه‌ڵ ئاو ، ئێوارانیش ئاردی گه‌نم له‌گه‌ڵ ئاو و که‌مێک شیر ، مناڵانیشیان له‌سه‌ر جاده‌ وoat له‌ گۆڕه‌پانه‌کاندا شه‌ڕیان له‌سه‌ر پاشماوه‌ی سه‌وزه‌کانی سه‌وزه‌فرۆشه‌کان ئه‌کرد.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئه‌ڵێت: هێشتا هه‌ر پاک و خاوێن بوون و به‌ ته‌نگ خۆیانه‌وه‌ ئه‌هاتن و بۆ ته‌نیا جارێکیش که‌سێک سواڵی لێم نه‌کرد. هه‌رگیز له‌وه‌وبه‌ر هه‌ژاریی وام نه‌بینی بوو که‌ هه‌ژاران به‌و شێوه‌یه‌ ڕێز و نرخی خۆیان بپارێزن ، یان له‌ بارودۆخێکی ئاوا خراپدا ، مرۆڤ سه‌ربه‌رزیی خۆی ڕابگرێت.
هه‌روه‌ها چه‌ندان ڕاپۆرت له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌ن که‌ کارگه‌رانی بێکاری ڕستن و چنین ، له‌ڕ و لاواز ، هه‌ژار تا سه‌ر مۆخ ، له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌کاندا هه‌بوون.
له‌ شارێکدا که‌ دانیشتووانی نۆ هه‌زار که‌س بوو ، ته‌نیا سه‌د که‌س کاری ته‌واوی هه‌بووه‌. زۆربه‌ی دانیشتووانه‌که‌ به‌ برسییه‌تی ئه‌ژیان ، یان هه‌ندێکیان به‌وه‌ ئه‌ژیان که‌ مناڵه‌کانیان له‌ کارگه‌کاندا په‌یدایانئه‌کرد.mnal
له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 1850 دا ، زۆربه‌ی شاره‌کانی ئه‌وروپا له‌ دۆخی ته‌قینه‌وه‌دابوون ، به‌ هۆی ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ ، بۆ خۆ گه‌یاندنه کارگه‌کان و دابینکردنی کارێک ، چ کارێک و چ بارودۆخێک؟ بێگومان هه‌ر به‌و جۆره‌ی که‌ باسکرا!
به‌کارهێنانی مناڵ له‌ کارگه‌کاندا ، به‌تایبه‌تیی له‌ کارگه‌کانی ڕستن و چنیندا ، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌ مه‌به‌ستی چینایه‌تی و ئابوری بوو ، له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو که‌ مناڵان چاویان تیژه و ‌په‌نجه‌کانیان باریک و بچوکن و به‌ ئاسانیی ده‌ست و په‌نجه‌یان ئه‌خونجێته‌ ناو تاڵ و داوه‌کانی ئامێره‌کانی ڕستن و چنینه‌کانه‌وه‌ و گرێدانه‌وه‌ی تاوه‌ پچڕاوه‌کان.
هه‌روه‌ها له‌به‌ر بچوکییان ، به‌ ئاسانییش ئه‌چوونه‌ ژێر ئامێره‌کانه‌وه‌ بۆ چه‌ورکردن و پاککردنه‌وه‌یان.

ئه‌و کورته‌ باسه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن زانایانی ئینگلیز خۆیانه‌وه‌ نوسراوه‌ و ئه‌و کتێبه‌ به‌ کتێبێکی مێژوویی گرنگ دائه‌نرێت و بۆ ده‌یان زمان وه‌رگێڕڕاوه‌ ، به‌و باسکردنه‌ کورته‌ی بارودۆخی کارگه‌ران له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی پیشه‌سازییدا ، کڕۆکی چه‌وسانه‌وه پێشانئه‌دات که‌ چۆن چینی سه‌رمایه‌داران چینه‌ کارگه‌ر و هه‌ژاره‌کانی کۆمه‌ڵگاکانیان به‌ ئافره‌ت و پیاوه‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت به‌ مناڵانی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵه‌وه‌ ، ئه‌چه‌وسانده‌وه‌ ، نه‌ک هه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ ،  ته‌نانه‌ت  سزاشیانئه‌دان و دارکارییان ئه‌کردن و هه‌ڵیانئه‌واسین!
خه‌باتکردن له‌پێناوی نه‌مانی چه‌وسانه‌وه‌دا ، له‌و سه‌رده‌مانه‌وه‌ و تا ئێستا ، ئه‌و خه‌باته‌یه‌ که‌ ناسراوه‌ به‌ خه‌باتی چینایه‌تی سه‌رده‌م و دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی کارگه‌ریی ، سه‌ندیکایی ، سۆشیالیزم و کۆمونیزم.
دوژمنانی ئه‌و بزوتنه‌وانه‌ش ، ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ن که‌ ئه‌یانه‌وێت هه‌ر وه‌ک ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ و به‌ شێوازی جۆراوجۆر ، هه‌ر مرۆڤ  بچه‌وسێننه‌وه‌ و ته‌نیا ورگ و گیرفانی خۆیان پڕبکه‌ن!
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا بوو که‌ خه‌باتی چینایه‌تی په‌ره‌یسه‌ند و تێکۆشانه‌کانی کارگه‌ران له‌پێناوی مافه‌ مرۆڤایه‌تی ، ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیاندا ، سه‌دان کاره‌ساتی خوێناوییان لێوه‌ که‌وته‌وه‌ و سه‌دان ڕێکخراوی سیاسی و سه‌ندیکایی له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌کاندا دروستبوون و ڕۆژانی وه‌ک کۆمونه‌ی پاریس ، یه‌کی ئایار و 8 ی ئاداریان دروستکرد ، له‌ کوردستانیشدا له‌ شاری که‌رکوک ، گاورباخییان دروستکرد.

ئه‌و باسه‌ له‌ سویدییه‌وه‌ وه‌رگێڕڕاوه‌ بۆ کوردیی و ئه‌ویش له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ وه‌رگێڕڕاوه‌.
ناوی کتێبه‌که‌ به‌ ئینگلیزیی: Everyday life through the ages
ناوی کتێبه‌که‌ به‌ سویدیی: Så levde man, vardagsliv genom tiderna
یه‌که‌م جار له‌ ساڵی 1994 دا چاپکراوه‌‌.
کتێبێکی مێژوویی گرنگه‌ و باسه‌کانیش هێجگار به‌ ساکاریی باسکراون که‌ شایانی خوێندنه‌وه‌ن‌.

 

------- هه‌ر نوسراو و بابه‌تێک به‌ ناوی پارتی چه‌پی کوردستانه‌وه‌ نه‌بێت ، ته‌نیا ده‌ربڕی نوسه‌ر و خاوه‌نه‌که‌یه‌تی --------