ئاگادارکردنەوەیەک بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.. دەستبردن بۆ بانگەشەی دواکەوتووانە ڕابگرن!

ئاگادارکردنەوەیەک بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.. دەستبردن بۆ بانگەشەی دواکەوتووانە ڕابگرن!

saman
سامان سه‌عید

najadsalman ماوەی چەند ڕۆژێکە سایتی سبەی و بزوتنەوەی گۆڕان ، بۆ ڕاکێشانی دەنگی زیادتر ، دەستیان داوەتە یارییەکی سوک و پڕ مەترسیداری ڕاگه‌یاندن کە سەرئەنجام بە زیانێکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان تەواو ئەبێت.
دەستبردنی گۆڕان بۆ گەورەکردنی ئەوەی کۆماری کۆنەپەرستی ئێران نیگەرانە لە بڵاوکردنەوەی ئایاتی شەیتانئی سەلمان ڕوشدی بە کوردیی لە لایەن گۆڤاری (خەڵک) ـه‌وه ‌، هەوڵدان بۆ هەڵخڕاندنی سۆز و هه‌ستی دواکەوتووان له‌ خەڵکی کوردستان ، دژی ئەو کارەی گۆڤاری خەڵك و یەکیه‌تی ، بەوەی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکیه‌تی ئەو گۆڤارە دەرئەکات ، تا بڵێی دواکەوتووانەیە و زۆر ترسناکیشە!
ڕەخنەگرتن لە دین و بەتایبەت لە دینی ئیسلام و لە ناو خەڵکی کوردستاندا ، سیمایەکی دیاری ڕۆژانەی ڕۆشنبیری کورد بووە. ئازادییخوازان و ڕۆشنبیرانی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگە ، بۆ جێگیرکردنی ئازادیی مرۆڤ و تێکشکاندنی بە پیرۆزڕاگرتنی ئەوانەی بە پیرۆز ناو ئەبرێن ، لە خەباتی بەردەوامدا بوون و قوربانیی زۆریان داوە.
لە ڕاستییدا ئەوەی سایتی سبەی و گۆڕان ئەیکەن ، یارمەتیدانی تێرۆریزم و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامیی و کۆمەککردنە بە ئامانجه‌کانی کۆماری ئیسلامیی لە عێراقدا.
بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بەم یارییە دواکەوتووە نەبوو! ئەوەندی سەرنجی کۆمەڵگای کوردستان ئەدەم ، ڕێژەی ڕوو لە پێشی بزوتنەوەی گۆڕان ، ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی ئەکرد ، بەڵام بەم کارەیان و ئەگەر زوو ئەم سیاسەتە سواوە کۆتایی پێ نەهێنن ، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەکەونە بەردەم ناڕەزایی و نەفرەتی ئازادییخوازانی کۆمەڵگەی کوردستان.
لێرەوە بانگەوازی سەرجەم لایەنگرانی گۆڕان و ئازادییخوازان ئەکەم کە ڕێ بەم جۆرە لە سیاسەتکردن نەدەن و لە مەترسییەکانی بەئاگابن و ناڕەزایی دەببڕن دژی ئەوەی بە خاتری کۆکردنەوەی دەنگ ، بزوتنەوەیەک کە بە نیازین ئازادیی زیادتر بۆ کۆمەڵگە دابینبکات ، خۆی ببێت بە بڵندگۆی بڵاوکردنەوەی ئامانجه‌کانی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران!
2010-03-01

 

------- هه‌ر نوسراو و بابه‌تێک به‌ ناوی پارتی چه‌پی کوردستانه‌وه‌ نه‌بێت ، ته‌نیا ده‌ربڕی نوسه‌ر و خاوه‌نه‌که‌یه‌تی --------